٦ شوبات ٢٠٢٠ - ٠٤:٥٠
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: «سەودای سەدە» بەرلە مردنی ترەمپ دەمرێت

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە گەڵاڵەکەی ئەمریکا ناسراو بە «سەودای سەدە» بەرلە مردنی ترەمپ د ەمرێت، وتیشی: ڕێگای بەرنگار بوونەوەی ئەم گەڵاڵەیە، ڕاوەستان و جیھادی بوێرانەی گەل و تاقمە فەلەستینییەکان و پشتگریی جیھانی ئیسلامە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ابنا - حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیداری ھەزاران کەس لە چینە جۆربەجۆرەکانی خەڵکی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە پەردە لادانی ملھوڕان و جەردە ئەمریکییەکان ناسراو بە گەڵاڵەی ناسراو بە «سەودای سەدە» وتی: ئەمریکییەکان دڵیان بەوە خۆشە کە بەشکو بە ھەڵبژاردنی ناوێکی قەبە، پیلانەکەیان دژی گەلی فەلەستین سەر بگرێت، لە کاتێکدا کە ئەم کارەیان چەپەڵ گەمژانەیەو ھەر لە دەستپێکەکەی دا بە زیانیان دەشکێتەوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران  گەڵاڵەی ناسراو بە «سەودای سەدە»یان بە نیشانەیەکی ئاشکرای گزیکاریی ئەمریکییەکان زانی و وتیشی: ئەمریکییەکان و زایونییەکان سەودایان لە سەر شتێک کردووە کە ھی خۆیان نییە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی وتیشی: پێشوازی و چەپڵەلێدانی چەند سەرکردەیەکی خائینی عەرەب کە لەنێو گەلانی خۆشیاندا بێ بایەخ و بێ ئابڕون، ھیچ گرینگایەتییەکی نییەو بە پێچەوانەی سیاسەتە نەگۆڕەکانی دەزگای ئیستیکبار کە ھەمان لەبیر بردنەوەی پرسی فەلەستینە،لە ئێستادا ئەو کارەیان بووەتە ھۆی بووژانەوەی پرسەکەو لە تەواوی دنیادا ناوی فەلەستین و چەوساوەیی فەلەستین و کۆمەڵە فەلەستینییەکان دەنگی داوەتەوەو کەوتووەتە سەر زمانان.

بەڕێزی تیشکی خستە سەر پەلەقاژەی موستەکبیران بۆ بەرەوپێش بردن و ڕاپەڕاندنی ئەم گەڵاڵەو پیلانە بە پشتبەستن بە چەک و دراڤ و پێشی داگرت: لەو باوەڕەداین کە ڕێکخراوە چەکدارییەکانی فەلەستین ڕادەوەستن و خۆڕاگری و بەرخۆدان بەردەوام دەکەن و لەم ناوەدا نیزامی کۆماری ئیسلامیش کە پشتگری کردن لە تاقمە فەلەستینییەکان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، دیارە بەھەر شێوازێک و لە ھەر ڕێگایەکەوە کە پێی بکرێت پشتیان دەگرێت و ئەم پشتگرییەش خواستی نیزامی ئیسلامی و گەلی ئێرانە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، دەستپێشخەریی « بنەمایی و ڕاگەیەندراوو تۆمارکراو»ی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوەندە جیھانییەکان واتە« ڕاپرسی لە خەڵکی بەڕەگەز فەلەستینیی ڕەسەن»ی بە ڕێگاچارەی کێشەی فەلەستین زانی و وتیشی: تاکە ڕێگای بۆ چەسپێندرانی ئاشتی و چارەسەریی کێشەی فەلەستین، ڕاپرسی لە خەڵکی ڕەسەنی فەلەستینە بە ھەموو ئایین و ئایینزاکانیەوە ھەر لەموسڵمانەوە بگرە ھەتا مەسیحی و یەھودی، بۆ ئەوەی بە دەنگی گشتیی خۆیان حکومەتی دڵخوازیان لە سەرتاسەری نیشتیمانی فەلەستین پێک بێنن و ئینجا ھەر بۆخۆشیان لە بارەی ناتانیاھۆو ھاولفەکانیەوە بڕیار بدەن.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە کۆتایی دا جەختی لەوەش کردەوە کە: ئینشائەڵڵا ئەم ئامانجە سەرەنجام ھەر وەدی دێت و ئێوەی چینی لاو ئەو ڕۆژە دەبینن و بە خواستی ئیلاھی لە بەیتولموقەددەس دا فەرزی نوێژ بەجێ دێنن.

...........
340